بەمزووانە ئەپڵیکەیشنی ناسراوی ژیریی دەستکرد "چات جی بی تی" (ChatGPT) دەست دەکات بە پیشاندانی ڕیکلامی ئەو بەرهەم و خزمەتگوزارییانەی کە لەگەڵ ئارەزووەکانی بەکارهێنەردا دەگونجێن، ئەمەش لەسەر بنەمای جۆری ئەو گفتوگۆیانەی کە لەگەڵ پلاتفۆرمەکەدا دەکرێن.
کۆمپانیای "ئۆپن ئەی ئای" (OpenAI) ڕایگەیاند کە تاقیکردنەوەی ئەم ڕیکلامانە لە وەشانی خۆڕایی ئەپڵیکەیشنەکەدا بۆ بەکارهێنەرانی ئەمریکا دەست پێدەکات. هاوکات، کۆمپانیاکە باکێجێکی نوێی بەشداریی بەناوی "Go" ڕاگەیاند کە مانگانە تەنها 8 دۆلارە. ئەم باکێجە تایبەتمەندیی وەک یادگەی گەورەتر و توانای زیاتری دروستکردنی وێنەی تێدایە و نرخەکەی زۆر هەرزانترە لە باکێجەکانی "Plus" (20 دۆلار) و "Pro" (200 دۆلار).
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تۆڕی "CNN"، بەکارهێنەرانی وەشانی خۆڕایی و بەشداربووانی باکێجی "Go" ڕیکلامیان بۆ پیشان دەدرێت، بەڵام بەشداربووانی باکێجە گرانبەهاکانی وەک (Plus و Pro) و کڕیارە بازرگانییەکان، بەبێ ڕیکلام خزمەتگوزارییەکە بەکاردەهێنن.
سام ئەڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئۆپن ئەی ئای، پێشتر دوودڵ بوو لە ناساندنی ڕیکلام لە ناو چات جی بی تی، بەڵام تێچووی زەبەلاحی ژێرخانی ژیریی دەستکرد کە پێویستی بە وەبەرهێنانی 1.4 تریلیۆن دۆلار هەیە لە 8 ساڵی داهاتوودا، وایکردووە کۆمپانیاکە بەدوای سەرچاوەی نوێی داهاتدا بگەڕێت. کۆمپانیاکە کە مانگانە 800 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە، چاوی لەوەیە تا کۆتایی ساڵی 2025 داهاتی ساڵانەی بگاتە 20 ملیار دۆلار.
ڕیکلامەکان لە خوار وەڵامەکانی چات جی بی تی بۆ پرسیاری بەکارهێنەران دەردەکەون و بە ڕوونی ئاماژەی "سپۆنسەر کراو" (Sponsored)یان لێدەدرێت. بۆ نموونە ئەگەر بەکارهێنەرێک داوای یارمەتی بکات بۆ پلانی گەشتێک، ڕەنگە ڕیکلامی هۆتێل یان چالاکییە گەشتیارییەکانی ئەو شوێنەی بۆ دەربکەوێت.
ئۆپن ئەی ئای جەختی کردەوە کە ڕیکلامەکان کاریگەرییان لەسەر ناوەڕۆکی وەڵامەکان نابێت و پێویستە بەکارهێنەران دڵنیابن کە وەڵامەکان لەسەر بنەمای سوودی بابەتیی دەدرێنەوە. هەروەها کۆمپانیاکە دووپاتی کردەوە کە زانیاری و گفتوگۆکانی بەکارهێنەران بە لایەنی سێیەم (ڕیکلامکاران) نافرۆشن و بەکارهێنەر دەتوانێت لە هەر کاتێکدا بێت تایبەتمەندی "ڕیکلامی گونجێنراو" بکوژێنێتەوە.