ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان (UN Women)، ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی فراوانی لەبارەی (کاریگەریی دواکەوتنی مووچە و کەمکردنەوەی بودجە لەسەر خێزان) خستە ڕوو، که تێیدا دەرکەوتووە ٩١٪ی خێزانەکانی هەرێم لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتایییەکانی ژیاندا تووشی سەختیی گەورە بوونەتەوە.
ئەم لێکۆڵینەوەیە که پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، لەگەڵ ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، ڕاپەڕین، زاخۆ و سۆران، گرتووەتەوە، ئاشکرای دەکات که قەیرانی مووچە لە ئێستادا لە کێشەیەکی داراییی کاتی تێپەڕیوە و هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر سەقامگیریی خێزان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
بەپێی ئامارەکان، ٨٩٪ی خێزانی کرێچی توانای دابینکردنی کرێی خانوویان نییە، ٨٧٪ هیچ بڕە پارەیەکیان نییە بۆ پاشەکەوت، ٨٥٪ توانای دابینکردنی تێچووی نەخۆشخانە و چارەسەریان نەماوە، و ٨٢٪ی خێزانەکانیش ناچار بوون خەرجیی خۆراک و خوێندنی منداڵەکانیان کەم بکەنەوە.
هاوکات ٧٨٪ی هاووڵاتییان تووشی قەرزاری بوون و ٥٦٪یش بۆ دابینکردنی بژێوی، پەنایان بردووەتە بەر فرۆشتنی زێڕ، موڵک، ئۆتۆمۆبیل و کەلوپەلی ماڵەکانیان.
لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە، لێکۆڵینەوەیەکە دەریدەخات که ٩٢٪ی هاووڵاتییان ناتوانن بۆ داهاتووی خۆیان پلان دانبنێن، ٨٥٪ بەردەوام لە دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونیدان، و ٦١٪یش جەخت لەوە دەکەن کە کێشە دارایییەکان بوونەتە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی و توندوتیژی لە پەیوەندیی نێوان هاوسەراندا، کە لە هەندێک حاڵەتدا گەیشتووەتە جیابوونەوە.
لە کۆتاییشدا، ئەنجومەنی باڵای خانمان چەندین ڕێسای پێشکەش کردووە، لەوانە مسۆگەرکردنی خشتەی زەمانیی ناردنی مووچە لەلایەن بەغدادەوە، پاراستنی بودجەی خزمەتگوزارییە سەرەتایییەکان، و فراوانکردن و بەهێزکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی.