کۆمپانیای گووگڵ هۆشداری دەداتە بەکارهێنەرانی سیستەمی ئەندرۆید لەوەی کە سڕینەوەی داتا (Clear Data/Cache) یان بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنەکانی پاککردنەوەی میمۆری لەسەر بەرنامەی Files by Google، دەبێتە هۆی سڕینەوەی یەکجاری و هەمیشەیی ئەو وێنە و بەڵگەنامانەی لە بەشی «بوخچەی پارێزراو»دا (Safe Folder) شاردراونەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ رێگەیەک بۆ گەڕاندنەوەیان هەبێت.
هۆکاری مەترسییەکە چییە؟
تایبەتمەندیی «Safe Folder» وەک بوخچەیەکی ئاسایی کار ناکات، بەڵکو فایلەکان بە تەواوی کۆد (Encrypt) دەکات. لەبەر ئەوە، هەر دەستکاریکردن یان سڕینەوەیەکی داتای ئەپەکە لە ڕێگەی پاککەرەوە دەرەکییەکانەوە یان سڕینەوەی بەرنامەی Files خۆی، دەبێتە هۆی لەناوچوونی کۆدەکان و لەدەستدانی هەمیشەیی فایلەکان، نەک تەنیا چوونیان بۆ سەلەی خۆڵ (Trash).
چۆن فایلەکانت دەپارێزیت؟ (رێنماییە گرنگەکان)
1. دوورکەوتنەوە لە سڕینەوەی داتا: هەرگیز بەرنامەکانی Clean-up بەکارمەهێنە بۆ سڕینەوەی داتا یان کاشی بەرنامەی Files by Google.
2. دەرهێنانی فایلەکان پێش سڕینەوەی ئەپەکە: ئەگەر ویستت بەرنامەی Files بسڕیتەوە، سەرەتا پێویستە هەموو وێنە و فایلە گرنگەکان لە Safe Folder دەربهێنیت.
3. هەڵگرتنی کۆپیی یەدەگ (Backup): فایلەکانی نێو ئەم بوخچەیە بە شێوەی خۆکار ناچنە سەر Google Drive؛ بۆیە ئەو بەڵگەنامانەی گرنگن کۆپییەکیان لە شوێنێکی تر هەڵبگرە.
4. لەبیرنەکردنی کۆدی نهێنی (PIN): ئەگەر کۆدی سەلامەتی یان نەخشەی بوخچەکەت لەبیر بچێت، رێکخستنەوەی دەبێتە هۆی سڕینەوەی یەکجاریی سەرجەم فایلەکان.
شێوازی دەرهێنانی پارێزراوانەی فایلەکان:
لە ئەپی Files by Google بچۆ بەشی Collections > پاشان Safe Folder هەڵبژێرە و کۆدەکەت لێبدە > دەست لەسەر وێنە یان فایلەکە دابگرە و لە سێ خاڵەکەی سەرەوەدا بژاردەی Move out of safe folder دابگرە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە شوێنی بنەڕەتیی خۆی لە مۆبایلەکەدا.