بەهۆی دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکیی کتوپڕ لە سیستمی راداری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرەدا، گەشتی ئاسمانی لە نێوان هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و بەسرە راگیرا.
لە کاتێکدا کۆمپانیای گشتیی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان و گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق سەر بە وەزارەتی گواستنەوە لە راگەیێندراوێکدا هۆکاری دواکەوتن و راگرتنی گەشتەکانی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد که دەستبەجێ دوای تۆمارکردنی کێشەکە، تیمە ئەندازیاری و تەکنیکییە پسپۆڕەکان دەستیان بە پشکنین و چارەسەرکردنی گرفتەکە کردووە لە شوێنی رووداوەکەدا.
هەروەها وەزارەتی گواستنەوەش پێشبینی دەکات لە ماوەی 12 بۆ 18 کاتژمێردا کارەکانی چاککردنەوە کۆتاییان بێت و سیستمی رادارەکە بە تەواوی بکەوێتەوە کار.
لە بەرامبەر ئەم پەککەوتنەشدا وەزارەت و کۆمپانیاکە داوای لێبوردنیان لە گەشتیاران کردووە بۆ ئەو گرفتەی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەوان روویداوە و دووپاتیان کردووەتەوە کە پابەندی شەفافیەت و روونکردنەوەی راستییەکانن بۆ رای گشتی.