شاهید ههورامی
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران. ئەم سەردانە کە تەنھا یەک ڕۆژ دەخایەنێت، لە کاتێکی زۆر ھەستیاردا دێت کە ناوچەکە لەبەردەم مەترسی پێکدادانی سەربازی نێوان واشنتن و تاراندا دەلەرێتەوە.
بڕیارە وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ باڵاترین بەرپرسانی ئێران کۆببێتەوە، لەوانە مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران و محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشکرای کردووە، کە ئامانجی سەرەکی سەردانەکە گەیاندنی پەیامێکی ڕوونی بەغدایە سەبارەت بەوەی عێراق بە ھیچ شێوەیەک نایەوێت ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان، فوئاد حوسێن جەخت لەسەر پاراستنی سەروەریی عێراق دەکاتەوە و داوا دەکات خاک و ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ ھیچ ھێرش و کارێکی سەربازی بەکارنەھێنرێت.
بەپێی زانیارییەکان، عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم جوڵە دیپلۆماسییەوە ڕۆڵی "نێوەندگیر" ببینێت بۆ نزیککردنەوەی دیدگای نێوان واشنتن و تاران، بە ئامانجی ھێورکردنەوەی گرژییەکان و ڕێگریگرتن لە ھەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر کە کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ھەموو ناوچەکە دەبێت.
ھاوکات، لە کۆبوونەوەکاندا باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری، سیاسی و ئەمنییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و پرسی پاراستنی سنوورەکان دەکرێت.