×

بەڕێوەبەریی خۆسەر: ڕووبەڕووی شەڕی مان و نەمان دەبینەوە

2026-01-18   |  
فۆتۆ: 
مۆجۆکورد


ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەریی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە و نیشاندانی "نییەتپاکی" لە ڕێگەی کشانەوە لە هەندێک ناوچە، بەڵام حکومەتی دیمەشق پێداگرە لەسەر بژاردەی سەربازی و بەردەوامبوون لە شەڕ.

بەڕێوەبەریی خۆسەر لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، چەکدارانی سەر بە حکومەتی دیمەشق ڕێککەوتنەکەیان پێشێل کردووە و لە دوێنێ بەیانییەوە لە چەندین بەرەی جیاوازەوە هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانیان. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئامانجی ئەم هێرشانە تێکدانی برایەتی گەلان و نانەوەی فیتنە و توندوتیژییە لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکەدا."

بەڕێوەبەریی خۆسەر بانگەوازێکی بەپەلەی ئاڕاستەی هاووڵاتیان و بەتایبەت گەنجان کرد لە ناوچەکانی (جەزیرە و کۆبانێ) کە پڕچەک بن و ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوە بن. بەیاننامەکە دەڵێت: "ئێمە لەبەردەم شەڕێکی وجودی (مان و نەمان)داین، بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانمان و ناسنامەمان، تەنها یەک بژاردەمان لەبەردەمە ئەویش بەرگریی گەلییە."

لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەریی خۆسەر هۆشدارییەکی توندی دا لە تێکچوونی باری ئەمنیی ئەو زیندانانەی کە چەکدارانی داعشی تێدا دەستبەسەرکراون، بەتایبەت لە شاری ڕەققە. ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوامی هێرشەکانی سوپای سووریا دەبێتە هۆی چالاکبوونەوەی شانەکانی داعش، ئەمەش کارەساتێکی گەورەی لێدەکەوێتەوە کە نەک تەنها ناوچەکە، بەڵکو مەترسی بۆ سەر تەواوی جیهان دروست دەکات.


 زۆرترین خوێندراو
بەڕێوەبەرو سەرنووسەر
د.ڕەزوان زەڵمی
دکتۆرا لە میدیای سیاسی

MOJO KURD © 2026, All Rights Reserved

MOJOKURD © 2026, All Rights Reserved