ئێران سكاڵایەکی فەرمی لەسەر هێرشەکانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر بەندەر و ژێرخانی دەریایی وڵاتەکەی تۆمار کردووە، و هۆشداریی داوە لە مەترسییەکانی سەر ئاسایشی کەشتیوانیی ناوچەکە.
ئێران پەڕاوێکی تایبەت بە هێرشەکانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر بەندەرەکانی پێشکەشی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی (IMO) کردووە.
ئەم دۆسیەیە، کە لەلایەن تارانەوە ئامادە کراوە، کۆمەڵێک بەڵگەنامە و وێنەی تێدایە و هێرشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بەندەرە ئێرانییەکان، کەشتییە مەدەنییەکان و ژێرخانی دەریایی بە تاوانی جەنگ ناودەبات.
ڕاپۆرتەکە بە وردی زیانە گەورەکانی بەر ژێرخانی بەندەرەکان، وێرانبوونی ناوەندی هەماهەنگیی گەڕان و ڕزگارکردنی دەریایی، تێکشکانی کەشتییەکانی فریاگوزاری و زیانپێگەیشتنی دامەزراوە بنەڕەتییەکانی بەندەرەکان دەخاتە ڕوو.
هەروەها، تاران هۆشداری داوە کە بە ئامانجگرتنی تاوەرەکانی چاودێریی جووڵەی دەریایی، ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و ناوەندەکانی فریاکەوتن، مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ سەر سەلامەتیی کەشتیوانی لە کەنداوی فارس، گەرووی هورمز و دەریای عومان دروست بووە.