کوردستانیەتی کەرکوك لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیەکاندا
1 year ago
.
قاموس الإعلام/ شێخ شمس الدین السامی
پەرتوکی بەڵگەنامەیی -قاموس الإعلام-ی (شمس الدین سامی)، کە گەورەترین سەرچاوەی زانیاری فەرمی خلافەتی 'عوسمانیەکان'ە لە "ئەستەنبوڵ"،
ئەم پەرتوکە بەزمانی تورکی لەساڵی 1889ز دا نوسراوەتەوە،
ناوەڕۆکەکەی تایبەتە بە زانیاری جوگرافیای ئیدارەی مەمالیک و ویلایەتەکانی سەربە خلافەتی 'عوسمانی'،زۆر بە ڕوونی و بە دروستی لە لاپەڕە 3846دا باس لە شاری "کەرکوك" دەکات و دەڵێت:
"کەرکوك" دەکەوێتە خاکی "کوردستان" لە ویلایەتی "موسڵ"، 160کم لە شاری "موسڵ"ەوە دوورە، دەکەوێتە پشت زنجیرە گردۆڵکەکان، لە دەشتی فراوانی دۆڵی "ئەدهەم ـ خاسە".
ژمارەی دانیشتوانەکەی 30,000 کەسن، قەڵایەکی تێدایە، لەگەڵ 36مزگەوت و 13خان و 1282شوێنی بازرگانی و قوتابخانەی 'روشدیە' و 18ی سەرەتایی، 3کلێسا و 1مەعەبەدی 'جولەکە'ی تێدایە،
گەڕەکەکانی بریتین لە: "تەپە" و "قەڵا" و دەوروبەری، لەبەشی ڕۆژهەڵاتی ڕووبارێک هەیە.
3لەسەر 4ی دانیشتوانی 'کوردن' و 1 لەسەر 4یشی تێکڵەن لە کەمینەکانی 'تورکمان' و 'عەرەب' و کەمە نەتەوەییەکانی دیکەن،
740 کەسیان 'جولەکە'ن و 469ی دیکەشیان 'کلدان'ن.
جووڵەی بازرگانی تێیدا زۆرباشە، بەهۆی ئەوەی زۆربەی ڕێگاکان لەوێ دەگەنەوە بە یەکتری،
بەهۆی بوونی سەرچاوەی ئاوی زۆر کە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی لە "کەرکوك"دا لەئاستێکی زۆر باشدایە، وەك: بێستان و گەنم و جۆ و توتن و ترشەمەنییەکانی وەک پرتەقال و لیمۆ و ئەوانی دیکە.
لەدەوروبەری "کەرکوك" ئاوی کانزایی و نەوت هەن.
هەروەها کارگەی قوماش و کاری پێستەسازی و ڕستن و چنینی تێدایە لەگەڵ کارگەی گوشینی پرتەقال.
کەشوهەوای کەرکوك
کەشوهەوای "کەرکوك" ناوەند و تەندروستە، بەڵام لەهاوینان زۆر گەرمە.
مەقامی "دانیاڵ" پێغەمبەر و "عوزێر" پێغەمبەری لێیە
لەگەڵ گۆڕی ژمارەیەک شێخ و پیاوچاکان کە خەڵکی بۆ سەردانیان دەکەن، بەتابیەتیش "بابەگۆڕگوڕ".
قەزای "کەرکوك" ناوەندی سنجاقی "شارەزور"ە لە ڕۆخیشی سنجاقی "سولەیمانی"یە لە ڕۆژهەڵاتەوە،
قەزای "کۆیە" و "هەولێر"یش لەباکور و "موسڵ"یش لە ڕۆژئاوا و ویلایەتی "بەغداد"یش لە باشووری ڕۆژئاوا،
قەزای "کفری"یش لە باشوری ڕۆژهەڵاتیەوەیە.
هەروەها "ملحە" و "خورماتوو" و "ئاڵتون کۆپری" و "گل" و "شوان" سەربە "کەرکوك"ن لەگەڵ 352 گوند.
ئاوی "ئەدهەم ـ خاسە" کە لە زێی "دیجلە" دەگاتەوە بە "کەرکوك" شارەکە دەکاتە دوو بەش.
شاری "کەرکوك" خاکەکەی بەپیت و گونجاوە بۆ کشتوکاڵ، زۆر دەوڵەمەندە بەبیرە نەوت لەلای باکورەوە، کە خەڵکەکەی لەجیاتی زەیت بۆ چرا بەکاری دەهێنن لەو شوێنەی کە پێی دەڵێن "بابەگوڕگوڕ" شلەمەنیەك هەڵدەقوڵێت خەڵکی وەک چارەسەر بۆ زۆربەی نەخۆشییەکان بەکاری دەهێنن.
لە باشوری "کەرکوك"یش ئاوی سوێر هەیە بۆ دروستکردنی خوێ بەکاردێت.
ئاژەڵی ماڵی زۆری لێیە وەك: مەڕ و بزن و چەندین جۆری ئەسپ.
لە خوری ئەو ئاژەڵانە قوماش و شاڵ و بەرماڵ و عەبای لێ دەچنن.