سەروەری خاک لای دەسەڵاتی کوردی
9 months ago
.
سەروەری خاک لای دەسەڵاتی کوردی
سەروەری خاکی هەر ناوچە و هەرێم و وڵاتێک وابەستەی سیاسەت و لێهاتووی دەسەڵاتدارانی ئەو ناوچەیە کە تا چەند ئەتوانن بیپارێزن بەرامبەر هێزێکی دەرەکی، وە چەند هۆکارێک کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر تواناکانی ئەم دەسەڵاتە لەوانە ( ناکۆکیە جوگرافیەکان، فشاری دەرەکی و نەبوونی پشتیوانی نێودەوڵەتی ، پاراستنی بەرژەوەندیە ئابووریەکان لەگەڵ هێزی بەرامبەر ، کێشەی ناوخۆیی ، گەندەڵی و بازرگانی کردن لەبری سیاسەت ، لاوازی توانای سەربازی،پێشخستنی بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی بەرامبەر بەرژەوەندی گشتی ،نەبوونی ویستی سیاسی).
جا ئەوەی ڕونە دەسەڵاتی کوردی باشور کێشەکانیان بریتی نیە لە چوار خاڵی سەرەتا، هەرێمی کوردستان هیچ ناکۆکیەکی جوگرافی نیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی چونکە سەدان ساڵە خاک و وڵاتی کورد داگیر کراوە و کورد خاکی کەسی داگیر نەکردووە ، ئەم داگیرکاریەش لای دەسەڵاتی کوردی باشور هەرگیز بابەتێک نەبووە.
سەبارەت بە پشتگیری نیودەوڵەتی کورد باشترین دەرفەتی هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەو پشتیوانیە چونکە چ تورکیا و چ ئێران ڕوخسارێکی زۆر خوازراو یان نیە لای ئەمریکا و ئەورووپا بەڵام ئەوەندەی هەوڵی پڕکردنی قاسەکانیان داوە هەوڵی قۆستنەوەی ئەم دەرفەتەیان نەداوە.
هەرچی بەرژەوەندی ئابووریە لە سایەی بەرپرسە سیاسیەکانەوە ڕێژەی هەناردەی هەرێم بۆ وڵاتانی دراوسێ ئەوەندە کەمە بەراورد ناکرێت بە ڕێژەی هاوردەکردن ! بەهۆی نەبوونی کارگە و قورسکردنی کاری کۆمپانیا ئەهلیەکان لەبری ئاسانکاری ، بۆیە بەرهەمی ناوخۆ و هەناردە کردن لە کەمترین ئاست دایە ، ئەمەش وای کردوە هەموو شتێک هاوردە بکرێت و هەرێم ببێت بە باشترین بازاڕ بۆ وڵاتانی دراوسێی ، واتە پێویستە وڵاتانی دراوسێ زۆر زیاتر خەم لە پاراستنی بەرژەوەندیە ئابووریەکانیان بخۆن تا ئەو بازاڕە لەدەست نەدەن .
ئەوەی ئەمێنێتەوە خراپی خودی دەسەڵاتی کوردیەوە یە وەک کێشەی ناوخۆی حیزبەکان لەسەر دزینی داهاتی وڵات و کورسیەکانی دەسەڵات ، گەندەڵی و بازرگانی کردن لەبری سیاسەت بەجۆرێک هەندێک لەوانەی کە لە لوتکەی دەسەڵاتی هەرێم دان خەریکی قاچاخچێتی و بازرگانی قەدەغە کراون لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە نهێنی وە نایانەوێت ئەو دۆخەیان لێ تێکبچێت.
توانای سەربازی هەرێمی کوردستان لاوازە بە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ بەڵام ئەویش چەند هۆکارێکی هەیە لەوانە پەرتەوازەیی هێزە چەکدارەکان و کردنیان بە میلیشیای حیزبی لەبری هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی ئەمەش دیسان هۆکارە بۆ سەروەرنەبوونی یاسا و بەکارهێنانی هێز بۆ بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی، بوونی بودجەیەکی زەبەلاح بەڵام بێ چاودێری و بوونی گەندەڵی زۆۆر تیایدا بەجۆرێک بەشی سوپایەک سەربازی هەیە کە تەنیا موچە وەردەگرن و نازانن چەکیش بەکاربهێنن ، ئەکرا ئەم بودجەیە سوپایەکی زۆر بەهێزی لێ دروست بکرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد .
کاتێک دەسەڵات بیەوێت ئەم کێشانە چارەسەر بکات ئەوا دەبێت واز لە بازرگانیە نا یاساییەکانی خۆی بهێنێت کە بە یاسا ڕێکی خستوون هەروەها واز لە دەستخستنی ئەو ملیاران دۆلارە بهێنێت کە لەڕێگەی گەندەڵیەوە دەیخاتە گیرفانی حیزب و بەرپرسەکان ئەمەش بریتیە لە پێشخستنی بەرژەوەندی گشتی بەرامبەر بەرژەوەندی حیزبی بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی کوردی پێچەوانەی ئەمەیان هەڵبژاردووە هەمیشە .
دواجار ویست و ئیرادەی سیاسی دەمێنێتەوە کە لای دەسەڵاتی کوردی زۆر لاوازە و بەهێزترین کاردانەوەیان بەرامبەر دەستدرێژی و موشەک باران کردنەکانی وڵاتانی دراوسێ تەنها بەیاننامەیەکی لاوازە چونکە ئەزانن دەکرێت بچوکترین کاردانەوە کورسیە لەرزۆکەکەیان بخات، کورسیەک کە قاچەکانی بریتین لە پارە و نەوتی دزراوی میللەت و گرتن و کوشتن و دەم بەست کردنی ڕۆژنامەنووس و حەق بێژان و دروست کردنی ژمارەیەکی زۆر کۆیلە و سیخوڕی ناوخۆی بە پارەی میللەت دژی میللەت و هێزێکی زۆری چەکداری حیزبی .
ئەوەی زەرەرمەندی یەکەمیشە میللەتێکی ماندووە بەدەست ستەم و نادادی و نەبونی سەرەتایی ترین خزمەتگوزاریەکان لە هەرێمێکی پڕ قەیراندا.
سۆران کوردی