لە یادی تیرۆرکردنی نووسەر و بیرمەندی کورد دکتۆر فازڵ ڕەسوڵ دا.
1 year ago
د. ئەحمەد وەرتی ۲٠۲٠/۷/۱۳
دکتۆر فازڵ ڕەسوڵ نووسەر و بیرمەند و تێکۆشەری کورد، کوڕی مەلا مەحمودی حاجی مەلا ڕەسوڵە، ساڵی ۱۹٤۹ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. لە سەرەتای لاوێتییەوە پەیوەندی بە حزبی شیوعی عێراقەوە دەکات، پاشان ڕیزەکانی ئەو حیزبە جێدەهێڵێت و (وحدة القاعدة) لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی تریدا لەوانە دكتۆر (عادل عبدالمهدي) سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق دادەمەزرێنێت، لەو کاتەدا دکتۆر فازڵ بە بیری ماوی کاریگە ربووە، پاشان لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دا خەبات دەکات، لە سەرەتاکانی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیشدا بەشدار دەبێت، لە ساڵانی حەفتاکاندا دەست بە بڵاوکردنەوەی بابەتی ئەدەبی دەکات و دەبێتە نووسەرێکی قووڵ و قەڵەم بەبڕشت. تا ساڵانی هەشتاکان خاوەنی بیری چەپ بوو، بەڵام داتر گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە بیر و هزری فازڵ ڕەسوڵ دا ڕوو ئەدات و دەسبەرداری بیری چەپ دەبێت و وازیش لە کاری حیزبی دێنێت و بەرەو بیری ئیسلامیی هەنگاو دەنێت، پاش ئەو گۆڕانە فیکرییە، د.فازڵ (کە نیشتەجێی ئەوڕوپا دەبێت و لە نەمسا بڕوانامەی دکتۆرا بەدەست دێنێت) دەکەوێتە چالاکی زیاتری فیکریی و لە ساڵی ۱۹۸٦ دا گۆڤای (منبر الحوار) دەر دەکات و بیروڕاکانی تێدا بڵاو دەکاتەوە. د.فازڵ هەوڵی ئەوەی دەدا کە گەلانی ناوچەکە بە گفتوگۆ و دیالۆکی ئاشتیانە پێکەوە بژین و چارەسەری کێشە و قەیرانەکانیان بکەن و، لەو نێوەشدا چارەسەری مەسەلەی کورد بکرێت، چونکە پێی وابوو ئیسلام لە توانایدایە هەموو گەلان کۆ بکاتەوە و مافی هەموان دەستەبەر بکات، چوون ئیسلام ناسنامەی هیچ گەل و پێکهاتەیەکی نەسڕیوەتەوەو هێشتوویەتییەوە و بە شێوازێکی باشتر دایڕشتۆتەوە، بۆیه هەوڵی زۆریدا دیالۆگی کوردیی ـ عەرەبیی ڕێک بخات و لایەنە ناکۆکەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆ بکاتەوە، بۆیە پەیوەندی توندو تۆڵی لەگەڵ زۆرێک لە سەرکردە و ڕۆشنبیرەکانی ناوچەکەو جیهان دروست کرد و هەوڵی ئەدا لە ڕێگەی دۆستەکانییەوە مەسەلەی کورد بە ئاشتیانە چارەسەر بکات، نووسین و بەرهەم و چالاکییەکانیشی گەواهیدەری ئەم ڕاستییەن. د. فازڵ ڕەسوڵ هەوڵی زۆری دا، ئێران و حزبی دیموکرات، لە ڕێگەی دانوستانی ئاشتییانە و بە وت و وێژ مەسەلەی کورد لە ئێران چارەسەر بکەن، هەر لەو پێناوەشدا گیانی خۆی بەخت کرد کاتێ بەشدار بوو لە وت و وێژەکانی لایەنی ئێرانی و حیزبی دیموکرات لە ڤیەننا. ڕۆژی ۱۳ی تەمموزی ۱۹۸۹ لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا، لەکاتی تەقەکردن لە د. قاسملو و هاوڕێکانی، د.فازڵ ڕەسوڵیش لەو ڕووداوەدا تیرۆر کرا. د. فازڵ پیاوێکی گەورە و سیاسی و بیرمەندێکی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو بوو، بەداخەوە تا ئەوکاتەی هەڵگری بیری چەپ بوو، سەرکردە و نووسەرانی چەپ و ناسیۆنالیزمی کورد ستایشیان دەکرد، بەڵام دوای وازهێنانی لە بیری چەپ و باوەڕ هێنانی بە ئیسلام وەک پڕۆژەیەکی ژیاریی مەزن کە لە توانایدایە فرە چەشنی بپارێزێت و هەموان لە ژێر سایەی خۆیدا کۆ بکاتەوە، ئیدی هاوڕێ و ئاشنا و هاوسەنگەرانی بێوەفا بوون بەرامبەری و لەبیریان کرد و، خزمەت و هەوڵە دڵسۆزانەکانی و قوربانیدانەکانی لە پێناو گەلەکەی و مرۆڤایەتیدا بەو باوەڕەی هەیبوو لە چوارچێوەی فیکرە نوێیە فراوانەکەیدا، فەرامۆشکران، نە لە بۆنەیەکدا باسی دەکرێت، نە لە میدیایەکا ڕۆڵی دەنرخێنرێت و نە سیاسی و سەرکردەیەکی کورد و نە نووسەر و ڕۆشنبیرێکی خۆ بە کوردپەروەر و خەباتگێڕ زان یادی دەکاتەوە و دوو دێڕ لە یادی تیرۆرکردنەکەیدا دەڵێن و دەنووسن. بیریارێکی گەورە و کەسایەتییەکی هەڵکەوتووی وەکو د.فازڵ ڕەسوڵ لە لایەن سەرکردەو بیریار و نووسەرانێکی ناوداری وەکو (ئەحمەد بن بیللای سەرۆکی پێشووی جەزائیر، د. محمد سەليم ئەلعەوا بیرمەند و نووسەری ئیسلامیی، د. ریزوان ئەلسەید بیریاری لوبنانی و مامۆستای دیڕاساتی ئسلامیی لە زانکۆی لوبنان، وهجيهـ كهوسهرانى بيرمهند و زانای سۆسیۆلۆجیای لوبنانی و، هی دیکەوە.)، ستایش کراوە و بە قەڵەمەکانیان بەشێک لە ڕاستییەکانیان دەربارەی ئەو بیرمەندە کوردە باسکردووە، کەچی لەلایەن هاو زمانەکانی خۆیەوە بە فەرامۆشی سپێردراوە. خودا لە د. فازڵ ڕەسوڵ خۆش بێت و پلەی شەهیدی پێ ببەخشێت