بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بڕیارێکی نوێی لە بەرژەوەندی هاوڵاتییانی سنووری قەزای چەمچەماڵ دەرکرد. بەپێی بڕیارەکە، دانیشتووانی چەمچەماڵ و ناحیەکانی تەکیە و شۆڕش دەتوانن بەبێ کاتی پێشوەختە (مەوعید) سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی بکەن و لە هەمان ڕۆژدا پاسپۆرتەکانیان وەربگرنەوە.عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ڕایگەیاند: "بەهۆی ئەو زیانانەی لە لافاوەکەی مانگی ١٢ بە باڵەخانەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ گەیشتوون و کارکردن تێیدا ڕاوەستاوە، بڕیارمانداوە کارئاسانی تەواو بۆ هاوڵاتییانی ئەو سنوورە بکەین، بە جۆرێک هەر ڕۆژێک سەردانمان بکەن، کارەکانیان بۆ ڕادەپەڕێندرێت و هەر لەوێ پاسپۆرتیان پێدەدرێت."سەبارەت بە کاتی دەستبەکاربوونەوەی نشینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ، عەمید سالار ئاماژەی بەوە کرد کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی مانگی ١ـدا و لەگەڵ کردنەوەی بودجە، کارەکانی نۆژەنکردنەوە و کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەستپێبکاتەوە.