شاندی دەم پارتی بۆ ئیمڕاڵی دوێنێ شەممە، سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلانیان کرد و راگەیەندراوێکی لەبارەی دیدارەکەیان لەگەڵ ناوبراو بڵاوکردەوە.
لەمبارەیەوە دەم پارتی رایگەیاند: رۆژی شەممە، شاندەکە لە گرتووخانەی ئیمراڵی دیدارێکیان لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجامداوە کە نزیکەی دوو کاتژمێر و نیوی خایاندووە، ئۆجەلان لە دیدارەکەدا جەختی لە پابەندبوونی خۆی بە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، دیدگای 27ـی شوبات وەک خۆی کارایە و پێویستە بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەکە، هەنگاوی پێویست و کردەیی بنرێت.
هاوكات ئاماژەی بەوەشکرد، تەوەری سەرەکی و بنەڕەتیی دیدارەکە، پەرەسەندنە خێراکانی وڵاتی سووریا بووە، ئۆجەلان نیگەرانییەکی قووڵی خۆی لەبەرامبەر پەرەسەندنی شەڕ و گرژییەکان دەربڕیوە و ئاماژەی بەوە کردووە؛ ئەم ئاڵۆزییانەی سووریا، هەوڵێکی مەبەستدارن بۆ تێکدان و پەکخستنی پڕۆسەی ئاشتی و دیموکراسی لە ناوچەکەدا.
هەروەها ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە کێشە و تەنگژەکانی سووریا تەنها لە ڕێگەی دیالۆگ، دانوستان و عەقڵی هاوبەشەوە چارەسەر دەبن، هەروەها ئامادەیی خۆی نیشانداوە کە بۆ دوورخستنەوەی کێشەکان لە مەیدانی پێکدادان و گواستنەوەیان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، هەرچییەکی پێویست بێت وەک بەرپرسیارێتییەک ئەنجامی بدات.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، ئۆجەلان بانگەوازێکی ئاراستەی هەموو کەس و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، کە بە هەستیاری و بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن و هەوڵ بدەن ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕن بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە چەقبەستووەی ناوچەکەی گرتووەتەوە.