لاهور شێخ جەنگی: دەسەڵات ئەوەندە بێباکە ئامادە نییە تەنانەت گوێ لە داواکاری هاووڵاتیان بگرێت
1 year ago
لەسەر دۆخ و گوزەرانی هاووڵاتییانی قەزای کفری، لاهور شێخ جەنگی
لەسەر دۆخ و گوزەرانی هاووڵاتییانی قەزای کفری، لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی توندی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دەسەڵات و حزبە حکومڕانەکان بە حزبەکەی خۆشمەوە ئەوەندە بێباکن کە نەک ئامادەنەبوون لە نزیکەوە سەردانی مەیدانی شار و شارۆچکەکان بکەن بەڵکو ئامادەشنین گوێ لە خواست و داوا ڕەواکانتان بگرن. لاهور شێخ جەنگی لە پەیامەکەیدا دەڵێت،"ساڵێک لەمەوبەر سەردانی ئەم شارە دێرینەم کرد، هۆشداریم دا بە دەسەڵات کە شاری کفری کە بەشاری ئەدیبان و ھونەرمەندان و شوێنەوار و پێشمەرگە و شەھیدان و ئەنفال، ناسراوە بە تەواوی فەرامۆشکراوە، گوزەرانی خەڵک و دۆخی بازاڕ و کاسبکاران و فەرمانبەران لەوپەڕی خراپیدایە، گەنجانی دەڤەرەکە بێکارن، هاووڵاتییان نیگەرانن لە دەسەڵات و بێئومێد بوون، داوای گۆڕانکاری و چاکسازی ڕاستەقینە دەکەن، داوای پرۆژەی خزمەتگوزاریی دەکەن، بەڵام دیارە دەسەڵات و حزبە حکومڕانەکان بە حزبەکەی خۆشمەوە ئەوەندە بێباکن کە نەک ئامادەنەبوون لە نزیکەوە سەردانی مەیدانی شار و شارۆچکەکان بکەن بەڵکو ئامادەشنین گوێ لە خواست و داوا ڕەواکانتان بگرن". دەشڵێت،" کفری و خەڵکە تێکۆشەرەکەی لە رابردوودا قوربانی زۆریداوە، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا کەمترین خزمەتی کراوە، کفری و باوەشاسوار بە بێنازیی ماونەتەوە، هەربۆیە دەربرینی ناڕەزایی و خستنە رووی ماف و داواکارییەکانتان مافێکی ئاسایی و یاسایی خۆتانە و منیش بە هەموو شێوەیەک پشتگیر و پشتیوانتان دەبم بۆ ئەوەی چیتر ئەم شارە کە دەوڵەمەندە بەنەوت، فەرامۆش نەکرێت، چیتر شوێنەوارەکانی نەرووخێندرێت، بەڵام تکاتان لێدەکەم بۆ ئەوەی داواکارییە رەواکانتان بەلارێدا نەبرێن و خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانتان جێی خۆی بگرێت، رێگە مەدەن بە هیچ دەستێک ئەم رێرەوە مەدەنیەتان لێ تێکبدات، هەوڵبدەن بەو شێوازە مەدەنی و هێمنیەی دەستان پێکردوە بەردەوامبن تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانتان". ئاماژە بە ئەوەش دەکات،" هەر لێرەشەوە جارێکیتر داوا لە دەسەلات و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم کە بەزووترین کات بەدەم داواکارییەکانی شاری کفرییەوە بێن و دەستی ئاوەدانی بۆ شارەکە درێژ بکەن و کفرییەکانیش ئاشت بکەنەوە". ئەوە لەکاتێکدایە ماوەی چەند رۆژێکە هاووڵاتییانی قەزای کفری لەبەرامبەر کەمی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان کردن رژاونەتە سەر شەقام و لە خۆپیشاندان بەردەوامن.