مۆجۆ كورد زانیاری لەسەر كوڵەباڵەكەی خورماڵ بڵاودەكاتەوە !!
1 year ago
.
كامەران كەریـم - هەڵەبجە
"نیگەرانی خەڵکی خورماڵ بۆ دزرانی کوڵەباڵەکە چی بوو"
ماوەیەك پێش ئێستا لەلایەن كەسایەتیەكەوە بڕیاردرا لەفولكەی ناوبازاڕی خورماڵ كوڵەباڵێك دابنرێت،بەڵام دوای ماوەیەک ئەو كوڵەباڵە لەناو یەكێك لەكارگەكانی هەڵەبجە براو دیار نەما، ئەمەش نیگەرانی و ناڕەزایەتی خەڵكی خورماڵی بەدوای خۆیدا هێنا،هاوڵاتیان و چالاكوانانانی ناحیەكە داواكارن ئەوكوڵەباڵە لەناو ناحیەكەیان دابنرێت .
"ئەمین حاجی زەڵمی "چالاكوان لەناحیەی خورماڵ بە مۆجۆ كورد ی ڕاگەیاند: ڕێكەوتنێك لەسەر ئەو كوڵەباڵە كراوە كەلەداهاتوودا لەو فولكەیە دابنرێت،ئەویش بەدانانی پەیكەری محمود خانی دزڵی كە كوڵەباڵێكی لەبەردا بێت،كۆمەڵێك كەسایەتی سیاسی و ئەنجومەنی گوند سەرۆك عەشیرەت و كەسانی حكومی بەحساب ڕێكەوتنیان كردووە لەبری ئەوەی بەشێوەی یاسایی كارەكە بكرێت ، واتە ڕێكەوتنی سیاسی و عەشایەری بۆ كراوە بۆ دانانی كوڵەباڵێك ئەمە جاری یەكەم، جاری دووەم ناڕەزایەتی لێكەوتەوە، بەگوێرەی ئەو ڕێكەوتنە دەبێت پەیكەری محمود خانی دزڵی بەكوڵەباڵەوە لەوێ دابنرێت.
وتیشی: خەڵكی خورماڵ بەو پێشنیارە ناڕازییە،خەڵكەكە تەنها كوڵەباڵەكەی دەوێت،چونكە كوڵەباڵەكە ڕەمزێكی كوردییە، خەڵكی ناوچەی خورماڵ و هەورامان بەدیارنەمانی ئەو كوڵەباڵە هەست بەسوكایەتی دەكەن، ئەم بابەتە گەورە كراوە.
ئەوچالاكوانە ڕونیشیكردەوە: بۆمەسئەلەی پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی ناحیەی خورماڵ ئێمە ڕێكاری مەدەنیانەمان گرتۆتەبەر،ئیمە بەرامبەرەكەمان نادیارە،كەسێك نیە قسەی لەگەڵ بكەین،كەسەكان دیارنین.
لەلایەكی ترەوە مامۆستا سەلام غەفور دانیشتووی ناحیەی خورماڵ بە مۆجۆ كورد ی ڕاگەیاند: ئێمە دڵنیانین كەكارەكە دەكرێت،یاخود ناكرێت،چونكە دەست پێدەكاتەوە لە پڕێكدا دەوەستێت، وەك یاری لێهاتووە،جارێك شتەكە ڕوون نیە،بەڵام دڵنیام هەردەكرێت،ئێمە چاوەڕوانین.
وتیشی:ئەگەر زانیمان ناكرێت ئەوكاتە هەڵوێستی خۆمان دەبێت،بەڵام پێیان ووتوین ئەوكارە هەر دەكرێت، بۆئێمە گرنگە لەخورماڵ دابنرێت واتە بەلای ئێمە ئەوە گرنگە ئەو كارە لەناوخورماڵ بكرێت ،واتە ئێمە چاوەڕوانین.
"بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ لەسەر چی ڕێککەوتوون؟؟"
لای خۆیەوە فریدوون محمود ڕەسوڵ بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵی سەربە پاڕیزگای هەڵەبجە بە مۆجۆ كوردی ڕاگەیاند: بڕیاربوو كاك حاجی تایەر ئەو فولكەیەمان بۆنۆژەن بكاتەوە و كوڵەباڵێك لەسەری دابنێت،ناڕەزای بەشێكی خورماڵی لێكەوتەوە،ئەمەش بوو بەهۆكاری ئەوەی لەلایەن خەڵكێكی نەزانراوەوە كوڵەباڵەكە ببرێت، تائێستا نەدۆزراوەتەوە،لەگەڵ حاجی تایەر ڕێكەوتویین فولكەكەمان بۆ تەواو بكات و لەداهاتوودا دانیشتن دەكەیت كەچ ڕەمزێك چ پەیكەرێك لەسەر ئەو فولكەیە دابنێین.
وتیشی:تائێستا ڕێك نەكەوتوین لەسەر ئەوەی چی دابنێین،ئێمە لەگەل پارێزگار و قایمقام و حاجی تایەر و كۆمەڵێك كەسایەتی تر دانیشتن دەكەین کە ڕێکبكەوین چی لەسەر ئەو فولكەیە دابنێێن،تائێستا ڕێك نەكەتوین لەسەر هیچ شتێك .