گرنگی هەبوونی حکومەتی بێلایەن
10 months ago
.
ئارام عەبدولکەریم
گرنگی هەبوونی حکومەتی بێلایەن
یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی وڵاتانی پێشکەوتوو چی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ یان لە رۆژئاوا، ئەوەیە کە حکومەتەکان دامەزراوەی بێلایەنن و جیاوازی لەنێوان هاووڵاتیدا ناکەن. هەرچەندە هەموو کەس دەنگ بە حکومەت نادات بەڵام ئەو رۆژەی حزبێک هەڵبژاردن دەباتەوە وحکومەت پێکدەهێنێت، ئیدی بەرگی حزبایەتی فڕێدەدات و دەبێتە نوێنەری هەموو هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی.
ئەم پرسە لە وڵاتانی دواکەوتوو بە کوردستانیشەوە پێچەوانەیە. هەربۆیە دەبینی بەشێک لە هۆکاری قەیرانەکانی کوردستان هەبوونی دەسەڵاتێکە کە مەرجەعەکەی خێزانە سیاسییەکانە نەک کەسی لێزان و لێهاتوو. حکومەت لە هەرێمی کوردستاندا دامەزراوەیەکی بێلایەن و سەربەخۆ نییە بەڵکو دەسەڵاتێکی حزبییە کە ئەوەش بووەتە فاکتەری دروستبوونی گەندەڵی و بەرتیل.
بۆ نموونە لە کوردستاندا دوو حزبی دەسەڵات تەنانەت وەک دامەزراندنی خەڵک لە کەرتی گشتی وەک دانانی بەڕێوەبەری قوتابخایەک، تا دەگاتە بەڕێوەبەری پۆلیس و وەزیرەکان هەمووی دەبێ سەر بە حزبی دەسەڵات بێت. کەچی دەبینی لە زۆربەی وڵاتانی وەک دیموکراسی و خاوەن سەروەری یاسا سیستەمە سیاسییەکان جیاکراونەتەوە لە سیستەمی کارگێڕی حکومەت. بەو مانایەی کاتێک حزبێک دەچێتە سەر دەسەڵات هەموو دامەزراوەکانی حکومەت ناکاتە کادیری خۆی بەڵکو تەنیا نوخبەی سیاسی دەگۆڕێن.
ئەوەی لە کوردستاندا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەیکەن لە کەم شوێنی جیهان نمونەی هەیە. ئەوە جگەلەوەی زۆرینەی پۆستە گرنگەکان بۆ دوو خێزان تاپۆکراون، لە پۆست و پێگە لاوازەکانیشدا لەسەر بنەمای حزبی نەک کارامەیی و لێهاتوویی کادیری حزبی خۆیان دادەمەزرێنن. ئەمە وایکردووە گەندەڵی و واسیتە و خزمخزمێنە کۆی دەزگا و دامەزراوەکان بگرێتەوە.
کوردستان لە زۆر رووەوە وەک وڵاتانی دیکەیە، هەم ئۆپۆزیسیۆن هەیە و هەمیش هەڵبژاردن. بەڵام حکومەت وەک وڵاتانی دیکە نییە، بەڵکو جیاوازی دەکات لەنێوان تاکەکاندا. بۆ نموونە کاری رۆژنامەوانی ئازادە بەڵام تەنها بۆ کەناڵ و رۆژنامەنووسەکانی دەسەڵات، ئابووری و بازاڕ ئازادن بەڵام تەنیا بۆ بازرگانەکانی پارتی و یەکێتی. هەموو شتێک تاوەکو ئەو کاتە باشە کە تۆ بەشێک بیت لە دوو حزبەکە و هەر بە چوونە دەرەوەت لە بازنەی ئەوان دەبیتە ئامانج.
ئەمە وادەکات بڵیین گرفتی سەرەکی کوردستان ئەوەیە دەسەڵات بێلایەن نییە و بە یەک چاو سەیری هەموان ناکات، چونکە ئەگەر وابکات بەشێکی زۆر لە گرفتەکانی وەک گەندەڵی و بەرتیل چارەسەر دەبن.